AP ١٤٠٥ خەرمانان ٣ ٠٨:٢٣

ئەمریکا چەکەکانی گۆڕی؛ ئایا دەرئەنجامەکە دەگۆڕێت؟

ئەمریکا چەکەکانی گۆڕی؛ ئایا دەرئەنجامەکە دەگۆڕێت؟

ئێستا لە دوای شەڕەوە، ئەمریکا بوارێکی نوێی هەڵبژاردووە بۆ گوشارخستنە سەر ئێران، ئەویش مەیدانی ئابوورییە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، پەردەی لەسەر ئەو بڕیارە لادا کە بە "گەورەترین هێرشی دارایی لە مێژوودا" ناودەبرێت بۆ سەر ئێران و واشنتۆنیش هەوڵدەدات ئەم کارە بە نازناوی شانازیی ڕۆژی D-Day ئابووری بە خەڵک بناسێنێت.

بەڕێکەوت هەڵبژاردنی ئەم نازناوە پرسیارێکی گرنگ زیاتر لە نیشانەی دەسەڵات دەوروژێنێت: بۆچی ئەمریکا پەنای بۆ هەمان کەرەستەی ئابووری بردووە کە ساڵانێکە هەوڵیداوە و نەیتوانیوە ئێران ناچار بکات هەڵسوکەوتی خوازراوی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجێک بەدەستبهێنێت کە لە بواری سەربازیدا نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت؟
جەوهەری بابەتەکە ئەوەندە نوێ نییە. بڕینی دەستڕاگەیشتن بە دۆلار بۆ ناوەندە داراییەکانی پەیوەست بە ئێران، بە ئامانجگرتنی بانک و دامودەزگاکانی هاوکاری لەگەڵ تاران، هەڕەشەکردن لەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە هاوکاری ئابوورییان لەگەڵ ئێران هەیە، گوشار خستنە سەر چین بۆ هەڵبژاردنی نێوان هاوکاری لەگەڵ ئێران یان دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکا، هەموو ئەو ئامرازانەن کە واشنتۆن لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەکاریان هێناوە.

جیاوازی ئەمجارە زیاتر لە زمان و چڕی پڕوپاگەندەدایە نەک سروشتی ستراتیژەکە. هەمان ئەو سیاسەتەی کە دە ساڵ لەمەوبەر بە "زۆرترین فشار" هاتە ئاراوە، ئێستا بە پاکەتێکی نوێ و وشەسازییەکی شەڕانگێزترەوە لەسەر مێزەکە بووە.

بەڵام مەسەلەی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە کە سزاکان دەتوانن ببنە ئامرازێکی کاریگەر بۆ گۆڕینی ڕەفتار لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر هێشتا ڕێگا بەدیلەکانی خۆی نەدۆزیوەتەوە. بەڵام ئێران وڵاتێک نییە کە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار ڕووبەڕووی گەمارۆی دارایی و بازرگانی ببێتەوە. ئێران ساڵانێکی زۆرە لەژێر فشاری بانکی، نەوت، بیمە و کەشتیوانیدایە و لەو نێوەندەدا تۆڕێکی شێوازی ناڕاستەوخۆی بۆ بازرگانی و گواستنەوەی پارە و فرۆشتنی نەوتی پێکهێناوە.

ئاساییە هیچ سزایەک بێ تێچوون نییە و کاریگەریی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران نکۆڵی لێناکرێت، بەڵام ئەو پرسیارەی کە هەیە شتێکی دیکەیە: ئایا ئەم فشارە دەتوانێت هەمان دەرئەنجامی سیاسیی لێبکەوێتەوە کە واشنتۆن چاوەڕێی دەکات؟ ئەزموونی ڕابردوو وەڵامێکی زۆر ئومێدبەخش بۆ ئەمریکا ناداتەوە.

فشاری ئابووری دەتوانێت تێچوون دروست بکات، بەڵام کەلێنێکی گەورە لە نێوان "ئازاری ئابووری" و "تەسلیمبوونی سیاسی"دا هەیە.

سزاکان کاتێک شکست دەهێنن کە ئەو تێچوونەی بەسەر لایەنی بەرامبەردا دەیسەپێنن کەمتر بێت لەو تێچوونەی کە لە گۆڕینی پێگەی سیاسی خۆیاندا تووشی دەبن؛ و ئەمەش ڕێک یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران.
هەڵەی واشنتۆن ئەوەیە کە هێشتا ئابووری لە سیاسەت جیا دەکاتەوە. وا بیر دەکرێتەوە کە ئەگەر فشاری ئابووری بە ڕادەی پێویست زیاد بکات، تاران لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە دەگات کە بەردەوامیی خۆڕاگری چیتر مومکین نییە. بەڵام حیساباتی ئێران تەنیا ئابووری نییە. بە بۆچوونی تاران، پرسەکە تەنیا سزاکان، هەناردەکردنی نەوت یان دەستڕاگەیشتن بە دۆلار نییە؛ باس لە ئاسایشی نەتەوەیی و سەربەخۆیی سیاسی و ئەزموونی دەیان ساڵەی فشاری دەرەکی دەکات.

هەر بۆیە مەرج نییە هەر قۆناغێکی نوێی فشارەکان ببێتە هۆی پاشەکشە و تەنانەت ڕەنگە پاڵنەرەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی ڕێڕەوی ئابووریی بەدیل و نزیکبوونەوەی لە هاوبەشە غەیرە ڕۆژئاواییەکان زیاد بکات.
هەروەها دژایەتییەکی جددیش لەم بابەتەدا هەیە. واشنتۆن لە لایەک هەوڵی کۆکردنەوەی سیستەمی دارایی جیهانی دژ بە ئێران دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە ناتوانێت هەموو ئابووری جیهان ناچار بکات بەرژەوەندییەکانی خۆی بکاتە قوربانی سیاسەتی ئەمریکا. هەڕەشەی چین بۆ هەڵبژاردنی نێوان تاران و واشنتۆن نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە. چین وڵاتێکی بچووک و وابەستە نییە، بەڵکوو یەکێکە لە گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان و یەکێکە لە گرنگترین کڕیارانی وزە و هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران. ئەگەر ئەمریکا فشارەکانی سزاکان لە ئێرانەوە بۆ هاوبەشە ئابوورییەکانی ئێران درێژ بکاتەوە، لە ڕاستیدا بەشێک لە فشارەکان دەگوازێتەوە بۆ تۆڕە بازرگانی و داراییەکانی خۆی و هاندەر بۆ وڵاتانی دیکە بۆ دروستکردنی میکانیزمی سەربەخۆ لە سیستەمی دارایی ئەمریکا زیاتر دەبێت. ئەم خاڵە لە دوای جەنگەوە گرنگتر بووە.

ئەمریکا چیتر لەگەڵ ئێرانی پێش جەنگ بەرەوڕوو نییە؛ هەروەک چۆن ناوچەکە وەک خۆی نەماوە. شەڕەکە نیشانیدا کە فشاری سەربازی مەرج نییە ببێتە هۆی ئەو دەرئەنجامە سیاسییەی کە واشنتۆن ئارەزووی دەکات، ئێستاش گواستنەوەی فشارەکان لە سەربازییەوە بۆ گۆڕەپانی ئابووری دەتوانرێت وەک نیشانەی گۆڕینی ئامرازێک لە دوای شکستی ئامرازەکەی پێشووتر سەیر بکرێت، نەک ستراتیژییەکی تەواو نوێ.

ئەگەر بڕیار بوو دەسەڵاتی سەربازی ئەمریکا ئێران ناچار بکات مەرجەکانی واشنتۆن قبووڵ بکات، بۆچی ئێستا گەنجینەی ئەمریکا بچێتە ناو شەڕەکەوە و هەمان ئامانج بە هەڕەشەکردن لە بانکەکان و کۆمپانیاکان و ناوەندە داراییەکان بەدوادا بگەڕێت؟

بابەتێکی تری گرنگ ئەوەیە کە سزا نوێیەکان لە بۆشایی سیاسیدا جێبەجێ ناکرێن. ناوچەکە دوای شەڕ پەیوەندییەکانی خۆی پێناسە دەکاتەوە. وڵاتان تادێت گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پشتبەستن بە تەواوی بە دەسەڵاتێکی بیانی لە کاتی قەیرانەکاندا دەتوانێت تێچووی زۆری هەبێت. لە ژینگەیەکی وادا ڕەنگە فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بە پێچەوانەی ئامانجە سەرەتاییەکەیەوە پاڵ بە وڵاتانی زیاترەوە بنێت بۆ دروستکردنی کەناڵی دارایی سەربەخۆ و زیادکردنی بازرگانی بە دراوە ناوخۆییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە دەرەوەی خولگەی دۆلار.

ئەمە لە شەوێکدا ڕوونادات، بەڵام هەر شەپۆلێکی نوێی سزاکان دەتوانێت پاڵنەرەکانی زیاتر بکات. لە لایەکی ترەوە فشاری ئابووری ڕێگایەکی یەکلایەنە نییە. هەروەها ئێران ئامرازی وەڵامدانەوەی لە ناوچەکەدا هەیە و دەتوانێت تێچوون بەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا بسەپێنێت.

گەرووی هورمز، بازاڕی وزە و تۆڕی بازرگانی ناوچەیی تەنیا چەند نموونەیەک لەو بوارانەن کە ئەگەر فشارەکان چڕتر بکرێنەوە، دەتوانن ببنە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە. بۆیە واشنتۆن دەبێ لە حیساباتەکانیدا ئەو ڕاستییە بخاتە ڕوو کە زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر ئێران مەرج نییە بە مانای زیادبوونی فشارەکان تەنیا لەسەر ئێران بێت؛ ڕەنگە بەشێک لەم فشارە ئاراستەی بازاڕی جیهانی وزە و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و تەنانەت ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاواش بێت.
تەنانەت قسە و قسەڵۆکی بەرپرسانی ئەمەریکاش ئەوە دەردەخات کە واشنتۆن هێشتا لە شوێنێکدایە لە نێوان هەڕەشە و دانوستان.

کاتێک وەزیری گەنجینەی ئەمریکا باس لە پێدانی دەرفەت بە لایەنی بەرامبەر دەکات بۆ ئەوەی "هەڵسوکەوتەکانی ڕاست بکاتەوە"، ئەوە ڕوونە کە ئامانج تەنیا سزای ئابووری نییە؛ دروستکردنی هێڵی کاریگەرییە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری سیاسی. بەڵام هەر لێرەدایە کە کێشە سەرەکییەکە دەردەکەوێ: ئەگەر داواکارییەکانی ئەمریکا ڕوون و سنووردار و دانوستان نەبن، ئەوا سزاکان لەلایەن تارانەوە نەک وەک دەربازبوونێک بەڵکوو وەک بەشێک لە ستراتیژێک بۆ گوشار و لاوازکردنی وڵات سەیر دەکرێن. لەم جۆرە بارودۆخانەدا ئەگەری قبووڵکردنی داواکارییەکانی واشنتۆن کەم دەبێتەوە و هاندەر بۆ بەرەنگاربوونەوە زیاد دەکات.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕەنگە ڕۆژی دی ئابووری زیاتر بێت لە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، بەڵکوو درێژەپێدەری هەمان ئەو خولە بێت کە ساڵانێکە ئەمریکا تێیدا گیری خواردووە: فشار، بەرخۆدان، زیادکردنی سزاکان، دروستکردنی ڕێڕەوی بەدیل، فشاری زیاتر و دواجار گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان. ئەگەر واشنتۆن بەڕاستی پێی وایە کە زیادکردنی سزاکان بە تەنیا دەتوانێت ئەو ئەنجامانە بەدەستبهێنێت کە فشارە ئابووری و سەربازییەکانی پێشوو نەیانتوانی بەدەستی بهێنن، ئەوا پێدەچێت ڕووبەڕووی هەمان حیساباتی پێش شەڕەکە ببێتەوە.
ڕەنگە کێشەکە بۆ ئەمریکا نەبوونی کەرەستە نەبێت؛ زیادەخەمڵاندنی کاریگەری ئامرازەکانییە. واشنتۆن هێشتا دۆلار و سیستەمی دارایی و توانای زەبەلاحی سەپاندنی سزای هەیە، بەڵام دەسەڵاتی سزاکان دەبێتە دەسەڵاتی سیاسی کاتێک لایەنی بەرامبەر پێی وایە هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە قبوڵکردنی داواکارییەکانی سزاکان.

ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا کاری کردووە بۆ نەهێشتنی وردی ئەم خاڵە فشارە.
کەواتە ئەگەر ئامانجی ڕۆژی دی ئابوری، ناچارکردنی ئێران بێت بۆ تەسلیمبوونی سیاسی، ئەوا ئەگەری شکستهێنانە، نەک لەبەرئەوەی سزاکان بێکاریگەرن، بەڵکو لەبەرئەوەی سزاکان چیتر چەکێکی چارەنووسساز نین لەدژی وڵاتێک کە ساڵانێکە لەدروستکردنی میکانیزمەکان بۆ بەرپەرچدانەوەیان هەوڵی داوە. ڕەنگە ئەمریکا بتوانێت فشارەکان زیاد بکات و تێچوونەکان بەرز بکاتەوە و ژیان بۆ ئابووری ئێران قورستر بکات، بەڵام جیاوازی هەیە لە نێوان قورسترکردنی شتەکان و گۆڕینی حیساباتە ستراتیژییەکانی تاران.
ئەگەر واشنتۆن نەیتوانی ئەم جیاوازییە ببینێت، ڕەنگە ڕۆژی دی ئابوری سەرەتای سەرکەوتنێکی ئەمریکا نەبێت، بەڵکوو سەرەتای خولێکی تر بێت کە ساڵانێکە بەردەوامە، هەرجارە شکست دەهێنێت لە گەیاندنی ئێران بۆ ئاستی تەسلیمبوون، سەرەڕای تێچووی قورس. لەو حاڵەتەدا ئەمریکا جارێکی تر ئامرازەکەی گۆڕیوە، بەڵام کێشەکە نا.

News ID 60266

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha